دڵشاد غالی ساڵەح؛ محەمەد عەبدولفەتاح حەمەسەعید (مەحویی)
پوخته
ئەم لێکۆڵینەوەیە لەژێر ناونیشانی "تیۆریی فۆنۆلۆژی فەرهەنگیی و مۆرفۆلۆژیی"دا بۆ ڕاڤەکردنی تیۆرییەکەیە، ...
زیاتر بخوێنەوە
ئەم لێکۆڵینەوەیە لەژێر ناونیشانی "تیۆریی فۆنۆلۆژی فەرهەنگیی و مۆرفۆلۆژیی"دا بۆ ڕاڤەکردنی تیۆرییەکەیە، کە لەلایەنی تیۆرییەکە خۆی و سێ بەشی سەرەکیی پێکهاتووە، کە پەیوەستن بە پێکهاتەی مۆرفۆلۆژیی و پێکهاتەی فۆنۆلۆژیی و پێکهاتەی سینتاکسەوە. لە ڕێزمانی بەرهەمهێنانی کلاسیکیی چۆمسکی (١٩٧٠)دا هەبوونی مۆرفۆلۆژیی بە پێکهاتەیەکی سەربەخۆ دانەدەنرا، بەڵکوم سینتاکس مۆرفێمەکانی بەیەکەوەدەلکاندو وشەیش گرنگیی تەواوی نەبوو. وردە وردەو لەم تیۆریەی ئێستاوە مۆدوولی مۆرفۆلۆژیی و زانستی مۆرفۆلۆژیی و فۆنۆلۆژیی خۆیان سەپاند.ئامانجی تیۆرییەکە بریتییەلە خستنەڕووی چۆنیەتیی ڕێکخراوەیی ناوەوەی پێکهاتەی مۆرفۆلۆژیی و پەیوەندیی بە پێکهاتەی سینتاکسەوە. تیۆرییەکە بەسەر پێڕەوی کرمانجیی ناوەڕاستدا جێبەجێدەکرێت (تەتبییقدەکرێت). ڕێبازە سینکرۆنیەکەی لێکۆڵینەوەکە پەسنکەرانەی شیکەرەوەییانەیە descriptive analysisو ڕێبازی بەراوردکاریشی بۆدەگیردرێتەبەر. لێکۆڵینەوەی ئەزموونبەندانەempirical research لەسەر نموونە و داتاکانی زمانەکە دەکرێت، واتە لەسەر ئەوانەی ئاخاوتنی ئاخێوەرانی کرمانجیی ناوەڕاست و سوودیش لە لێکۆڵینەوەکانی ڕێزمانەوان و زانایانی زانستی زمان دەبینرێت، کە لەسەر ئەم زمانە کردوویانە. لێکۆڵینەوەکە لایەنی تیۆریی و مێژووی سەرهەڵدان و چۆنێتی کارکردنی فۆنۆلۆژی فەرهەنگیی و مۆرفۆلۆژیی لەلایەن بناغەدانەرانییەوە ڕاڤەدەکات و دەخاتەڕوو. هەروەها، بەشێوەیەکی کارەکیی و جێبەجێکارانە (پراکتیکی)، چۆنێتی کارکردنی تیۆرییەکە دەخاتەڕوو، لەگەڵ چۆنێتی پەیوەستبوونی بە ڕیزبوونی چیینە فەرهەنگییەکانەوە.ئەم لێکۆڵینەوەیە جگەلە پێشەکیی و ئەنجام لە دوو بەشی سەرەکیی پێکهاتووە.بەشی یەکهەم: بەوردیی باسی تیۆریی فۆنۆلۆژی فەرهەنگیی و مۆرفۆلۆژیی و زانیاریی گشتیی لەڕوانگەی زمانەوانییەوە دەربارەی تیۆرییەکە دەکات.بەشی دوهەم: تەرخانکراوە بۆ ڕیزبوونی چینە فەرهەنگییەکان پەیوەست بە فۆنۆلۆژی فەرهەنگیی و مۆرفۆلۆژییەوە لەگەڵ هێنانەوەی نموونەی پێویست لە زمانی کوردیی و ئینگلیزییدا.لە کۆتایی لێکۆڵینەوەکەیشدا، ئەنجام و سەرچاوەکان و پوختەی لێکۆڵینەوەکە بە زمانی ئینگلیزیی و عارەبیی خراوەتەڕوو.